وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم داوای کارمەندی بژمێر دەکات بۆ پرۆسەی سەرژمێری
لەژێر چاودێریی د. دارا ڕەشید مەحمود، وەزیری پلادانان و سەرۆکی لیژنەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان، دەستەی ئاماری هەرێم، ماڵپەڕی پێشکەشکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنی ڕادەگەیەنێت بە ناونیشانی: https://census-job-krd.com،
بە مەبەستی بەشداربوون لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، وەک بژمێر (عداد). ماڵپەری ئاماژەپێکراو لە ڕۆژانی (٦ - ٧ - ٨)ی ئەم مانگە کارا دەکرێت، بە مەبەستی پێشکەشکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنی بەپێی سنووری نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی (گەڕەک یان گوند).
لە ماڵپەڕەکەدا ڕێنمایی و مەرجی پێشکەشکردن خراونەتە ڕوو, بۆ هەموو دەرچوویەکی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگەکان، بە ویستی خۆیان فۆرم پێشکەش دەکەن.
ئەم هەوڵەی وەزارەتی پلاندانان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ ئەنجامدانی کاری مەیدانیی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کە لە ڕۆژانی ١٦، ١٧، ١٨ و ١٩ی ئەم مانگە دەست پێ دەکات.
پێشکەشکار دەبێت لە سنووری نیشتەجێبوونی خۆی و تەنها یەکجار فۆرم پێشکەش بکات، هەروەها مەرج نییە هەموو پێشکەشکارێک ناوی بگەڕێتەوە وەک بژمێر، چونکە بەپێی پێداویستی و ژمارەی دیاریکراو لەسەر ئاستی گەڕەک و گوند دەستنیشانی پێشکەشکاران دەکرێت.
دواتر دەستەی ئاماری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگە و ئیدارەکان بەپێی ژمارەی پێویستی دیاریکراو، لەسەر ئاستی قەزا، ناحیە، گەڕەک و گوند، لە هەمان ماڵپەڕ ناوەکان ڕادەگەیەندرێن.