Skip to the content

وەزیری پلاندانانی هەرێم و نوێنەری تایبەتی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبوونەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ۱۹ـ ۱ـ ۲۰۲٥، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتيی هاوکاری و هەماهەنگيی پەرەپێدان، پێشوازی لە ایمانویل سالیناس، نوێنەری تایبەتی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق كرد.
کۆبوونەوەکە، بە مەبەستی خۆناساندن و دەستبەکاربوونی نوێنەری تازەی بانکی نێودەوڵەتی بوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تیایدا جەخت لە پەیوەندیى حکومەتی هەرێم و بانکی نێودەوڵەتی كرايه‌وه‌، لە ڕێگه‌ی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌.
وەزیری پلاندانان، باسی گرنکيی سەرلەنوێ پەیوەنديی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بانکی جیهانی لە عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا کە: پێویستە هەردوولا بۆ دیارکردنی کارەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هاوکار و یارمەتیدەر بن، بۆ پرۆژەکانی پەرەپێدان، بە تایبەت لە بوارەکانی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ، گۆڕانی کەشوهەوا، ڕێگه‌وبان و هاوکارییە تەکنیکیيە ئابوورییەکان کە پێویستن بۆ وەزارەتەکانی پەیوەندار لە هەرێمى كوردستان.
نوێنەری تایبەتی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئاماژەی به‌وه‌ دا کە بانکی نێودەوڵەتی بۆ لەمەودوا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی خۆی لە ڕێگه‌ی وەزارەتی پلاندانانه‌وه‌ ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم دروست بکاتەوە، تاوەکوو بتوانن بەرنامەی کارکردن و چالاکییەکانیان ڕێک بخەن، بە ئامانجی سوودوەرگرتنی زیاتر لێیان.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان