رێوڕه‌سمی دابه‌شكردن و راده‌ستكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆ هه‌ردوو لیوای 14 و16 ی پیاده‌ی پێشمه‌رگه به‌ڕێوه‌چوو
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ 10ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 له رێوڕه‌سمێكی سه‌ربازی دا، به‌ئاماده‌بوونی شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه و سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت و فەریق جەمال محەمەد سەرۆکی دەستەی ئەرکان و جه‌نه‌ڕاڵ تایكه‌رت، به‌رپرسی باڵای سه‌ربازی ئه‌مەریكا له‌عێراق و كۆلۆنێل جۆلیات، راوێژكاری هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌كونسوڵخانه‌ی ئه‌و ووڵاته‌و به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌ت،رێوڕەسمی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی سوپای ئه‌مەریكا به‌سه‌ر هه‌ردوو لیواكانی 14 و 16 ی هێزی پێشمه‌رگه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ده‌ستپێكی رێوڕهسمەكهدا، وه‌زیری پێشمه‌رگه له‌وتارێكدا خۆشحاڵی خۆی به‌بۆنه‌ی به‌رده‌وامی پاڵپشتی و هاوكارییه‌كانی سوپای ئه‌مریكا ده‌ربڕی و تیایدا رایگه‌یاند: ئەو کۆمەک و ھـاوکارییانە خۆی، پەیامێکە دەرخەری ئەو راستییە کە بەیەکڕیزی و پێکەوە کارکردن و بەردەوامی دانی ئێمە بەپڕۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگەدا، پاڵپشتیی و پشتگیرییەکان زیاتر و بەردەوام دەبن هاوكات کارکردن و ھەوڵ و ھەنگاوەکانی راوێژکارانی ھاوپەیمانان لەسەرخستنی ئەو پڕۆسەیە بەرز نرخاند .
وه‌زیری پێشمه‌رگه هه‌ر لهوتهكهیهدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئەمڕۆ ئاڕاستەی دۆستایەتی ھەردوو گەلی کوردستان و ئەمەریکا لەڕووی ھاوکارییە سەربازییەکان، دەچێتە قۆناغێکی بەھێزتر، ئاماژەی بە ھاوکارییەکانی ھێزەکانی ئەمەریکا بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان كرد، کە سودێکی سەربازی یەکجار گرنگی ھەبوەو ھەیە، بە ئاراستەی پڕ چەککردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمڕۆش ھاوکارییە سەربازی و لۆجستییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ھێزی پێشمەرگە کە خۆی لەچەندین کەلوپەلی سەردەمی دەبینێتەوە بۆ پڕ چەک کردنی ھێزەکانمان لەھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بریتین لە زرێپۆش و کەلوپەلی سەربازی بەستانداردی سەربازی سەردەم، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێکی دیکەی گرنگ بۆ بەھێز بوونی ھێزەکانمان لەڕوی لۆجیستییەوە.
دووپاتیشی كردەوە پێشمەرگەی کوردستان ئێستا پەیوەندییەکی باش و پتەوی بەردەوامی لەهەموو ئاستەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ ووەزارەتی بەرگری و سوپای عێراقدا ھەیە و غحکومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کار بۆ باشتر کردنی زیاتری ئەو پەیوەندییانە دەکات و ھەوڵ بۆ ھەماھەنگی پتەوی پەیوەندییەکانی نێوانمان لەسەرجەم لایەنەکانەوە دەدات، بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی ئەو ناوچانە و باشترکردنی دۆخی ئەمنی و تێکشکان و رووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی داعش لەسەر ئەو ناوچانە.
له‌بارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش وه‌زیری پێشمه‌رگه ئاشكرای كرد، ئێستادا تیرۆریستان لەھەندێک ناوچەدا جموجۆڵ و کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، وەک ھێزی پێش مەرگەی کوردستان و دۆست و ھاوپەیمانەکانمان ھەنگاوی جدیمان بۆ خۆڕێکخستنەوە و باشتر ڕوبەڕوبونەوەی ھەر ئەگەرێک ناوە و کار بۆ ھەموو ئەگەرێکی لەناکاو و نەخوازراویش دەکەین، لەم ڕوانگەیەوەشەوە پێویستمان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەمە لایەنە ھەیە بۆ ڕەواندنەوە و ڕوبەڕوو بوونەوەی ھەر مەترسیەک کە دەکەوێتە سەر خاک و خەڵکی ھەرێم بەتایبەت و خەڵکی عیراق و ناوچەکە بەگشتی.
له‌به‌شێكی دیكەی مه‌راسیمه‌كه‌دا جه‌نه‌ڕاڵ تایگه‌رت، به‌رپرسی باڵای سه‌ربازی ئه‌مەریكا له‌عێراق، لهوتهیەكدا رایگه‌یاند: ئەم جبەخانانە بریتین لە ئامێر وچەک وئۆتۆمبێل و بێتەل ئەوەشی خستەڕوو ئەم. ڕێ وڕەسمە. نیشانەیەکی بەرجەستەکراوی پەیوەندیی قوڵ و درێژخایەنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وئەمەریکایە ودەبنە هۆی بەهێزترکردنی پێشمەرگە، بەڵام هێزی لەبن نەهاتووی پێشمەرگە ئەو ژن و پیاوانەن، کە لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە بەکاریان دەهێنن.
به‌ڵێنیشی دا بە پابه‌ندی و پشتگیری ووڵاته‌كه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه.
لە كۆتایی رێوهڕسمهكهدا گرێبه‌ستی راده‌ستكردنی كه‌ل و په‌له سه‌ربازییه‌كان له‌نێوان نوێنه‌رانی هه‌ردوو لیوای 14 و 16 ی پیاده‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانده سه‌ربازییه باڵاكانی سوپای ئه‌مەریكا به‌چاودێری وه‌زیری پێشمه‌رگه واژوو كرا .