Skip to the content

سێیه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

هەولێر ، هەرێمی كوردستان، عیراق (GOV.KRD)- سێشه‌ممه‌ ١٣ی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبەر) ى ٢٠٢٠ لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازیی وكاری ئه‌منی هاوبه‌ش له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵی وحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌گای گشتیی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان لەبه‌غدا سێیه‌م كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرس وبابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ رووی ئه‌منی به‌درێژایی هێڵی ئه‌منیی نێوان هێزه‌كانی فیدراڵی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگەی كوردستان تاوتوێ كرا و ئاماژه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كران.


هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل تیشك خرایه‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌ سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان و به‌رگرتن له‌ جموجۆڵی رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كه‌.


له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ رێككه‌وتن كرا:
یه‌كه‌م: كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی له‌ به‌غدا و هه‌ولێر.


دووه‌م: دامه‌زراندنی لیژنه‌ی ئه‌منی و سه‌ربازیی مه‌یدانی هاوبه‌شی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاڵنگارییه‌ ئه‌منییه‌كان به‌پێی یه‌كه‌كانی ئۆپه‌راسیۆن ومیحوه‌ره‌كان و داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێگای چۆنێتی مامه‌ڵكردن.


سێیه‌م: ده‌ستكردن به‌كاری ئه‌منی و سه‌ربازیی له‌ یه‌كه‌ی دیاله‌ به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ دامه‌زراندنی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی هاوبه‌ش ورێككه‌وتن له‌سه‌ر میكانیزمی كاركردنی بازگه‌ وهێڵی پشكنینی هاوبه‌ش و خاڵه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی هاوبه‌ش و پلاندادان بۆ جێبه‌جێكردنی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبه‌شی ئه‌منی و سه‌ربازیی له‌ دژی تیرۆر.