وه‌زیری پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌عێراق و سووریا كۆبۆوه
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ ٢٨ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠ شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ مێجه‌ر جه‌نه‌ڕاڵ كیڤن كۆپسی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌عێراق و سووریا و شاندێكی باڵای راوێژكاری سه‌ربازی هاوپه‌یمان كۆبۆوه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌فسه‌رانی پله باڵای وه‌زاره‌ت ئاماده‌یبوون، تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كرا، هاوكات گفتوگۆكرا لەبارەی پرسی پێكهێنانی ناوه‌ندی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له‌و ناوچانه‌ی كه بۆشایی ئه‌منییان هه‌یه.
وه‌زیری پێشمه‌رگه جه‌ختی لەنزیكبوونهوهی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كردەوە، وئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد بریاره له ١ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەرەوە) ناوه‌ندی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا له‌هه‌ولێر و دواتر له‌به‌غداش بكرێته‌وه. كه ده‌رئه‌نجام پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌عێراق و سووریا، روونیكرده‌وه كاركردنی هاوبه‌شی هێزه‌كان له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان رێگای سه‌ركه‌وتنمان نزیك ده‌كاته‌وه وهۆكارێكی گرنگیش ده‌بێت بۆ ره‌وینه‌وه‌و تێكشكاندنی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌دا.
پرسی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ته‌وه‌رێكی دیكەی كۆبوونه‌وه‌كه بوو، وه‌زیری پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد ئێستا قۆناغی باشمان بڕیوه له‌سه‌ر سه‌رخستن وجێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پڕۆسه‌یه ورۆڵی راوێژكارانى هاوپه‌یمانان له هاوكاری و هه‌مه‌ئاهه‌نگی تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی بەرز نرخاند.
مێجه‌ر جه‌نه‌ڕاڵ كۆپسی، ستایشی رۆڵ و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستان و پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه دووپاتیشی كردەوە خواستی هاوپه‌یمانانه هێزی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بگه‌نه رێككه‌وتنی كۆتایی و بكرێته بنه‌مایه‌كی دروست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان. هاوكات پاڵپشتیی و پشتگیری هاوپه‌یمانانیشی له‌رووی كۆمه‌ك و هاوكاری لۆجیستی و سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق دووپاتكرده‌وه.