Skip to the content

رێکخراوی دەستەکراوەکان بەهاوکاری کۆمپانیای شاد ٥٠٠ کتێبی بەخشی بە کتێبخانەی گشتی پێشمەرگە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/١٢ بەئامادەبوونی عەمید مزەفەر حسن رەئوف جێگری بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی، عەمید شوان مەحمود بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتیمانی و ئەندازیارمحمد حسین ڕەسوڵ نوێنەری رێکخراوی خێرخوازی دەستەکراوەکان، له‌ مەراسیمێكدا ٥٠٠ کتێبی فرەناونیشان، کە لەلایەن رێکخراوی خێرخوازی دەستە کراوەکان بە هاوکاری (شوان عه‌زیز محه‌مه‌د) خاوەنی کۆمپانیای "شاد" بەخشرا بە کتێبخانەی گشتی پێشمەرگە.

سه‌ره‌تا عمید مزەفەر حسن رەئوف، جێگری بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی، بەناوی وەزارەتی پێشمەرگەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی، بەخێرهاتنی رێکخراوەکەی کردو گوتی: ئێوە وەک یەکەم رێکخراو هاوکاری ویارمەتی پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی پێشمەرگە دەکەن، ئێمە ئەو هاوکاریە سه‌نگینه‌ بەرزدەنرخێنین و سوپاس و پێزانیمان بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ جوانه‌ی رێکخراوی خێرخوازی دەستە کراوەکان هەیە.

دواتر ئەندازیار محه‌مه‌د حسین ڕەسوڵ نوێنەری رێکخراوەکە گوتی: لەهەموو دونیا هێزی سەربازی وڵات دروست دەکات و پاراستنی وڵاتەکەش بە زانست و کتێب دەکرێت، ئێمە پلانمان هەیە ژمارەیەکی زیاتری کتێب ببەخشین بە كتێبخانه‌ی پێشمەرگە.

پاشان عمید شوان مه‌حمود ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری رۆشنبیری وهۆشیاری نیشتیمانی لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر پلان و ئامانجەکانی کتێبخانەی گشتی و گوتی: ئامانجمانە لە ماوەیەکی نزیکدا کتێبخانەی پێشمەرگە فراوان بکەین، بۆئەوەی کتێبەکان بگەن بە ژمارەیەکی زیاتری هێزی پێشمەرگە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا دیاری وه‌زاره‌ت و سوپاسنامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هۆشیاری بەخشرا بە رێکخراوی خێرخوازی دەستەکراوەکان و سوپاسی خاوه‌نی كۆمپانییای شاد كرا، لەپای ئەو هاوکارییەی، کە پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی پێشمەرگەیان کردوە.