لێدوانی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی بەئامانجکردنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ماوەی رابردودا چەند جارێک هەولێر و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و دەوروبەری کەوتوونەتە بەر چەند هێرشێکی موشەکی تیرۆریستیان، بۆئەوەی ئارامی شاری هەولێر تێک بدەن، لەدوایین جار بەرواری ١٤ ی نیسان بوو جیاوازتر لەجارانی رابردوو، کە بەموشەک هێرش دەکرایە سەر هەولێر، ئەمجارە بەفرۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمب رێژکراو، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرایە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، هاوکات بنکەی سەربازی هێزەکانی تورکیاش لە باشیک کرایە ئامانج، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەربازێک و برینداربوونی هاوڵاتیەکی سڤیل.
لەمبارەیەوە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی: دیارە ئەوە چەندین جارە بەم شێوەیە گروپی تیرۆریستی هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و شاری هەولێرو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو هەندێ سەنگەری پێشمەرگە لە هێڵەکانی پێشەوە، کە پارێزگاری لەخاک وخەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەمجارە مەترسیدارترە، چونکە شێوازی بەکارهێنانی درۆن شێوازێکی نوێیە لە کردەوەی تیرۆرستی، بۆیە ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە و لەسەر ئاستی باڵا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆیان راگەیاند، ئاماژەیان بەوەدا، کە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاری جددی لەسەر دەکەن، هەروەها ئێمەش وەک وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بە جددی کاری لەسەردەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی، کە بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆئەوەی چیتر ئەو گروپە تیرۆریستیانە نەتوانن ئەو بۆشاییە ئەمنیە بقۆزنەوە بۆ کاری تیرۆستی و هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها سەربەست لەزگین گووتی: پێویستە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکرێن، بۆ ئەوەی گروپی تیرۆرستی نەتوانن دەرفەت وەربگرن و لەوناوچانە هێرش بکەنە سەر ئەمن وئاسایشی هەرێمی کوردستان.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی هێرش کردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەرتلە لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە گووتی: ئەمە دوورە لەراستیەوە، پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک هێرشی نەکردۆتە سەرحەشدی شەعبی، پێشمەرگە تەنیا بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکات.
لەبەشێکی تری قسەکانی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گووتی: ئەو رەوشەی ئێستا لە عێراق و ناوچەکە هەیە وایکردووە، کە دەرفەت دروست ببێت بۆ گەلێ گرووپ و حزب، کەناونیشانی جۆراوجۆر دەدەنە پاڵ خۆیان، تاوەکو کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن و ناونیشانەکانیش وون ببن، خەڵکێک بڵێ ئەو کردەوانە ئێمەین وە لە ئەسڵیشدا ئەوان نەبن، بۆیە دۆخێکی ئاڵۆزو بێسەرەوبەری هەیە لەم ناوچانە، کە بەداخەوە ئێمەش هاوسنورین لە گەڵ ئەم ناوچانە و دەبینە بەشێک لە ئامانجەکانیان وکارێگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
دەربارەی شوێنی هەڵدانی درۆنەکە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گووتی: تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، کە ئەو درۆنە لەچ شوێنێک هەڵدراوەو هەتا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، هەموو پێشبینی ئێمەش بۆ ئەوە دەچێت، کە ئەو کارە لەوناوچانە ئەنجامدرابێت، کە بارودۆخیان ئارام نیە، هەروەها هەبوونی حەشدی شەعبیش لەژێر ناوی جۆراوجۆر لەوناوچانە، کەحکومەتی عێراق کۆنترۆلی لەسەریان نیە، وادەکات ئەوگروپانە دەرفەت وەربگرن و لەوناوچانە دەستدرێژی بکەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەپێی بەرنامەو پلانی تایبەتی خۆیان.
دەربارەی ئەوەی ئایا لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەو هێرشە قسەتان کردوە وەک وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین گوتی: ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هەیەو لە کۆبوونەوەکانیش ئەوەمان پێگوتون، کە پێویستە لەوناوچانە تەنیا سوپای عێراقی لێبێت ونابێت حەشدی شەعبی لەوناوچانە هەبێت، چونکە هەبوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەوناوچانە بۆخۆی دەرفەتێکە، بۆئەوەی گروپی تیرۆرستی دەرفەتی باشتر ببینن و لەو دەڤەرانە گەشەبکەن، رەنگە هاوکاریشیان بکرێت، چونکە بەراشکاوانە دەیڵێم هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا کۆنترۆڵ نەکراون.