Skip to the content

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ دیپلۆماتكارانی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیمارات كۆده‌بێته‌وه‌

له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ كونسوڵی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئیمارات له‌ هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت له ‌هه‌ماهه‌نگی و پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ئەو وڵاتانە کرایە‌وه‌ و وەزیری پێشمەرگەش گوتی: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئه‌ركی یه‌كه‌می پاراستنی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسییه‌ بۆ هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ و جیهان".

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوێنێ ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سێ كۆبونه‌وه‌ی جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا و مێڵ سمارت جێگری كونسوڵی به‌ریتانیا و ئه‌حمه‌د ئیبراهیم ئه‌لزاهیری كونسوڵی گشتیی ئیماراتی عه‌ره‌بی له ‌هه‌رێمی كوردستان، كۆ بووەوه‌.

 

له‌ دیداره‌كاندا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ باسی دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆری کرد و گوتی: به‌ته‌كنیك و شێوازی نوێوه‌، تیرۆریستانی داعش كه‌وتونه‌ته‌ جموجۆل و بونه‌ته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌و جیهان، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌یی له‌ روبه‌ڕوبوونه‌وی تیرۆریستان و بنبڕكردن و ریشه‌كێشكردنیان به ‌هاوكاری هاوپه‌یمانانی به‌گرنگ و پر بایه‌خ وه‌سف كرد.