بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی پێشوازی لە ژەنەڕاڵ پەیتۆن کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/٢٠ لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید عوسمان محمد بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی، بە ئامادەبوونی عەقید ستار عەبدولکەریم بەڕێوەبەری راگەیاندن و تیمی سەنتەری میدیا پێشوازی کرد لە ژەنەڕاڵ پەیتۆن بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجیەکانی سوپای هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و شاندی یاوەری.
لەو دیدارەدا باس لە چۆنیەتی بەرەو پێشبردنی هەماهەنگی میدیایی نێوان سوپای هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقی کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر پرۆسەی نوێکردنەوەی کاروباری میدیایی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهاوکاری و هەماهەنگی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان، کە ئەوان رۆڵ بگێڕن لە رێکخستنەوەی پرۆسەی میدیایی وهۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە. لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری بە شاندی میوانی راگەیاند، کە وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوام دەخوازێت راوێژ بە تیمە راوێژکارییەکانی سوپای هاوپەیمانان بکات، بۆئەوەی بتوانێت پڕۆژەی ستراتیجی میدیا و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە باشترین شێوە پێشکەش بە ئەنجومەنی بەرگری وەزارەتی پێشمەرگە بکات، هەروەها ژەنەڕاڵ پەیتۆن بەڵێنی دا، کە ئەوان بەردەوام هاوکارو هەماهەنگی پرۆسەی دوبارە رێکخستنەوەی کاروباری میدیایی و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبن، لە رێگەی تیمە لۆجستیەکانەوە بەردەوام راوێژ بە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری دەدەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی، کە پێویستە بەزوترین کات، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان میدیای وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق و هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ کاری هاوبەشی میدیایی لەعێراقدا دابڕێژرێتەوە.