رێوڕسمی كۆتایی خولی یەكەمی بنەڕەتی كیمیایی بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/١١ بە ئامادەبوونی لیوا قارەمان كەمال جێگری سەرۆكی هەیئەی ئەركانی وەزارەتی پیشمەرگە بۆ ئۆپەڕاسیۆنەكان و لیوا حاجی ئەمین بەرێوەبەری گشتی رشتەكان و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، رێوڕەسمی كۆتایی خولی یەكەمی بنەڕەتی كیمیایی بەڕێوەچوو كە لەلایەن سریەی بەرگری كیمیایی رێكخرابوو ،كە لە ٢/١تا ٢٠٢١/٤/١١بەردەوامبوو، تێیدا پەنجا ئەفسەر و كارمەند لە لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریان تێدا كرد.
لەسەرەتای رێوڕەسمەكەدا لیوا قارەمان كەمال لەوتەیەكیدا دەستخۆشی لە ئەنجامدانی خولی بنەڕەتی كیمیایی كردوو بە پێویستی زانی ئەو جۆرە خولانە بۆ ئەفسەر و كارمەندانی پێشمەرگە بەردەوامبێت، لە پێناو وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی بەرگریكردن لە چەكی كیمیایی و دەستنیشانكردنی جۆرەكانی.
گوتیشی: هەوڵدەدەین بواری كیمیایی لەوەزارەی پێشمەرگە فراوان بكەین و ئەفسەر و كارمەندانی زیاتر بەو بوارە ئاشنابكەین، بۆئەمەش پێویستە جگە لە خولی بنەڕەتی خولی پەرەپێدانیش ببینن، داواشیكرد: ئەوانەی خولی لەو جۆرە دەبینن و شارەزایی باش دەبن لە بوارەكە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و نەگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر، تاكو سوود لە زانیارییەكانی خۆیان وەربگرن.
دواتر لیوا حاجی ئەمین بەرێوەبەری گشتی رشتەكان لەووتەیەكیدا وتی: ئەنجامدانی خولی كیمیایی بۆ ئەفسەر و كارمەندانی لیواكان هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی ئەو بوارە.
گوتیشی: وەرگرتنی زانیاری لەلایەن بەشداربوانەوە وادەكات ئەفسەر كارمەندی تر لە لیواكان سوود لە زانیاریەكانیان وەربگرن، بۆئەوەی بەهەمووان بتوانین بواری كیمیایی لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر بەرەو پێش ببەین.
بەدابەشكردنی بڕوانامەی خولەكە بە بەشداربوان و ئەنجامدانی نمایشی چۆنیەتی دەستنیشانكرنی چەكی كیمیایی و چارەسەری بریندارەكان كۆتایی بە رێورەسمەكەهات.