Skip to the content

كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی شاڵاوی نەگریسی ئه‌نفال

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ ٣۳ ساڵ به‌سه‌ر شاڵاوی نه‌گریسانه‌ی ئه‌نفالی گه‌له‌كه‌مان تێده‌په‌رێت، هه‌رگیز ئه‌و زامه‌ی له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو ده‌رهه‌ق به‌ میللە‌ته‌كه‌مان كرا، له‌بیر ناكرێت، كه‌ ژیانی زیاتر له (‌١٨٠) هه‌زار كه‌سی به‌ زه‌بری هێزو چه‌كی قورس وكیمیاباران زیندەبەچاڵکران.

 

له‌م یاده‌دا، نه‌ك ته‌نها یادی قوربانیانی ئه‌نفالكراو بكرێته‌‌وه‌، به‌ڵكو هاوكاریی ته‌واوی كه‌سوكاریان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان و باشترکردنی هە‌لومه‌رجی ژیانیان بدرێ.

 

لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، بەردەوام مەترسی ئەنفال و تەعریب و تەهجیرمان لەسەرە، شاڵاوی جنیۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش نموونەیەکی زیندووە، لەم روانگەیەشەوە ئەرکی ئێمەو هەموو هێزە سیاسیەکانە کاربکەین بۆ دروستکردنی هێزێکی پێشکەوتووی بەتوانا و نیشتمانیانەی تۆکمە، کە مەشقپێکراو و پەروەردەکراوی سەربازیانەی مۆدێرن بێت، بۆ پاراستنی خه‌ڵك و خاكی كوردستان و ڕێگری کردن بۆ هەر هێرشێكی هاوشێوه‌ی ئه‌نفال له‌ داهاتوودا دژی گه‌له‌كه‌مان بکرێت له‌ژێر دروشمی نه‌ژادپه‌رستی، شۆڤێنی نه‌ته‌وایه‌تی، ئایینی، یان بیری سیاسیدا.

 

خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان، بۆ پاراستنی زمان و زێد و نه‌ته‌وه‌، به‌دەیان و سەدان هه‌زار قوربانی بۆ دراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و گه‌له‌ نه‌شكاوه‌ و هه‌میشه‌ به‌هیوای هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی بره‌وی به‌خه‌بات داوه‌، شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال، قڕكردن و له‌ناوبردنی گه‌له‌كه‌مان كه‌ به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و دادگای باڵای عیراق به‌"جینۆساید" ناسراوه‌.

نه‌مری بۆ شه‌هیدانی ئه‌نفال

سه‌ربه‌رزی بۆ كه‌س وكاری شه‌هیدان

 

شۆڕش ئیسماعیل

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

١٤ی نیسانی ٢٠٢۱