Skip to the content

مەراسیمی دەرچوونی خولی حەوتەمی کۆلێژی ئەرکان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/١٢ بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق جەمال محمد، سەرۆکی دەستەی ئەرکان، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، مەراسیمی دەرچووانی خولی حەوتەمینی کۆلێژی ئەرکان لە(ناحیەی چوارقوڕنە) بەڕێوەچوو.

لەو مەراسیمەدا، کە مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی ۷۰ و لیوا حەسەن نوری، نوێنەری فەرماندەی یەکەی ٨۰ و راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان و کەس و کاری دەرچووان ئامادەیبوون، عەمید روکن سالار ئیبراهیم، راگری کولێژی ئەرکان، پوختەیەکی لەسەر ئەرک و کاری کولێژەکە خستەڕوو، هەروەک تیشکی خستە سەر دەرچوونی خولی حەوتەم، کە ژمارەیان ۲٦ ئەفسەرەو لەماوەی دوو ساڵدا بە زانستی سەربازی مۆدێرن ئاشناکراون.

دواتر مەرسومی وەزاری، لەلایەن لیوا ڕوکن باسل محمد، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەو میرە خوێندرایەوە.

هەر لەو مەراسیمەدا و لەمیانی وتەیەکیشیدا، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ، لە مەراسیمی دەرچوونی خولی حەوتەمی کۆلێژی ئەرکان ئامادەم، لەم ڕۆژەدا کە پۆلێکى دیکە لە ئەفسەرانمان بە هەگبەى پڕ لە زانست و پەروەردەکراو بە بنەما و پرەنسیپە سەربازییەکان و بە بەدەست هێنانى بڕوانامەى ماستەر، دێنەوە نێو هێزەکانیان لە پێشمەرگەى کوردستان و گوڕو تینێکى دیکە دەخەنەوە نێو هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان بۆ پاراستن و بەرگرى کردن لە خاکى پیرۆزى کوردستان.

 

لەبەشێکی تری وتەکەیدا وەزیری پێشمەرگە وتی: بابەتە خوێندراوەکان لە ستراتیژی سەربازی و شیکردنەوەی رووداو و پێشهاتەکان و بەشداری پێکردنتان لە بڕیار و پرسە چارەنووس سازەکان، قۆناغێکی گرنگ و پربایەخە، بۆ پێشخستنى توانای هێزەکانمان، هەروەها لە سەنگەرەکانى بەرگرى بۆ پاراستنى سەرو ماڵى هاوڵاتیانمان لە کوردستان سودى زۆرى هەبوە و دەبێت.

هاوکات ئاشنابوونتان بەستانداردی سەربازی مۆدێرن بابەتگەلی سەربازی، یاسایی، کارگێڕى، هۆشیاری نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی، خزمەتێکی گەورەیەو هیوا دەخوازم لەداهاتوودا بەم هەگبە پڕەوە خزمەت بەخۆتان و پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن بۆ وەدیهێنانی خەونی گەورەمان، کە دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی سەربەخۆی یەکگرتووە.

 

لەکۆتاییدا وتەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە، ئاشکرای کرد، هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەباشترکردنی گوزەرانی پێشمەرگە و هیچ کێشەو لەمپەرێک لەبەرامبەر شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە نەماوە، کە مافی خۆیانە، وتیشی: پێشمەرگە نەبەردەکان دڵنیادەکەمەوە، چارەسەری تەواوی کێشەکان کراون.

لەکۆتایی رێوڕەسمەکەدا، بڕوانامەو خەڵات بەسەر بەشداربواندا دابەشکرا.