هاوپەیمانان: لە مانگى نیسان ٢٩ ئۆپەراسیۆنمان دژى تیرۆریستان لە عێراق ئەنجام داوە
![](/media/5757/usaarmy01.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132636603240000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ کۆڵۆنێڵ وەین مۆڕۆتۆ، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان لە تویتێکدا ئاشکرای کرد کە لە ماوەی مانگی نیسانی ئەمساڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان، ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنیان دژی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە.
وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان باسى لە ئەنجامى ئەم ئۆپەراسیۆنانە کرد کە بووەتە هۆى ڕێگری لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی. کۆڵۆنێڵ وەین مۆڕۆتۆ گوتى: لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، ٢٩ ئۆپەڕاسیۆنمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان دژى تیرۆریستەکانى داعش ئەنجام داوە و بەمەش ڕێگریمان کردووە لە ٣٦ کردەوەی تیرۆرستی.
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانان باسى هەماهەنگى خۆیان و هاوبەشەکانیان و هاووڵاتیان کرد بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش و زانیاری دەربارەیان تا جۆرێک لە هەماهەنگی زیاتر هەبێت و بتوانن ئۆپەراسیۆنەکانیان بە سەرکەوتووییەوە ئەنجام بدەن.