هەرێمی کوردستان بەشداری لە گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیجی عێراق - ئەمریکادا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەدرێژەو بەردەوامیدان بە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا، رۆژی ٧/٤/٢٠٢١، گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان بەغداو واشنتن بەڕێوەچوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا، کە بەسەرپەرشتی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکاو عێراق بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستێکی باڵا بەشداری تێداکرد.
شاندی حکومەتی عێڕاق پێکهاتبوون لە وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسی ئاسایشی نیشتیمانی و نوێنەری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستانش پێکهاتبون لە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەمید روکن هەژار عمر ئیسماعیل راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە و لاوک صلاح ئەحمەد بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆکی هەرێم، شاندی ئەمریکا پێکهاتبوون لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو نوێنەری وەزارەتی بەرگری ئەمریکاو چەند گەورە راوێژکارێک.
لە شاندی هەرێمی کوردستان، کە تیایدا عەمید روکن هەژار عومەر ئیسماعیل وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم بۆ دۆسیەی ئاسایش و سەربازی بەشداری تێدا کردبوو، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاند:
گفتوگۆکان تایبەت بوون بە تەواوکردنی گفتوگۆی گەڕەکانی پێشوتری دانوستانی نێوان ئەمریکا و عێراق.
لەم گەڕەشدا، چەند بابەت و دۆسیەی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاسایش و وزە و تەندروستی باسیان لێوەکرا.
هەروەها تیشک خرایە سەر باشتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، هەردوولا هاوڕا بوون، لەسەرئەوەی، کە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە داهاتوودا لەعێراق بگۆڕدرێت بۆ مەشق و راهێنان و راوێژکاری. لەمبارەیەوە، عەمید روکن هەژار رایگەیاند: کە هاوکارییە سەربازییەکان بەبڕی ٢٥٠٠٠٠٠٠٠ دوسەدو پەنجا ملیۆن دۆلار بەردەوام دەبێت، وەک پاڵپشتیەک بۆ پاراستنی سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا.
لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا وتی: لەساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا تیمەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان مەشقیان بە زیاتر لە ١٨٩٠٠٠ سەدو هەشتاو نۆ هەزار سەرباز و پێشمەرگە کردووە، رۆڵیان هەبووە لە رزگارکردنی روبەری ٥٥٠٠٠ پەنجاو پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لەدەستی داعش لە عێراق، کە ئەمەش وەک پرەنسیپ بەبایەخەوە سەیرکرا.
لەلایەکی ترەوە، راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتی: شاندی ئەمریکا بەڵێنیان دا، خولەکانی مەشق و راهێنان لە ئەمریکا بۆ هێزە عێراقیەکان درێژەی هەبێت لە چوارچێوەی OSC-1ەوە، کە هێزەکانی پێشمەرگە لەم چوارچێوەیەدا لەناو پلانی هاوبەشدا جێگایان گرتووە.
هەر لەدرێژەی دیالۆگەکەدا، چەند وتەیەک پێشکەش کران، لەوانە وتەی وەزارەتی بەرگری
ئەمریکاو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها فەوزی هەریری سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیالۆگی ستراتیجی وتەیەکی پێشکەش کرد، لەگەڵ ئەوانەشدا چەند وتەی تر لەو کۆبوونەوەیەدا پێشکەش کران.
لە کۆتایی دیالۆگەکەدا جەخت کرایەوە، کە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراق بەردەوامی دەبێت، هەروەها دیالۆگی ستراتیجی بەگرنگ پێناسە کرا بۆ هەردوولا.
هەردوولا بەبایەخەوە پابەندبونی خۆیان بۆ گفتوگۆکان راگەیاندو دوپات کردەوە.