وەزیری پێشمەرگە، سوپاسی خۆڕاگری و پشودرێژی هێزی پێشمەرگە دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ۱ی٤ی ۲۰۲۱ لەپەیامێکدا، سوپاس و ستایشی خۆڕاگری و هەڵوێستی دلێرانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات لەپشوو درێژیان بەرامبەر بە دواکەوتنی مووچەکانیان لە ماوەی رابردوودا.
وەزیری پێشمەرگە، رایدەگەیێنێت چۆن بەڵێنماندا کە ماف و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە نافەوتێت، لەمڕۆوە تا بەیانی دەست بەدابەشکردنی مووچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت و کۆی شایستەداراییەکانیانیشیان دەستەبەر کراوە. هاوکات لەداهاتووشدا کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دەکەین.
وەزیری پێشمەرگە، جەختدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە بە ئەرک و ئەولەویەتی خۆی دەزانێت، ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ دروستکردنی هێزێکی سەربازیانەی یەکگرتووی نیشتمانیانەی سەربەخۆ.
وەزیری پێشمەرگە لەکۆتایی پەیامەکەدا، دووپاتدەکاتەوە کە بەردەوام دەبن و کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دەکەن.