شاندی باڵای هەماهەنگی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراق، لە هەولێر کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە سەرپەرشتی فەریق جەمال محمد سەرۆکی ئەڕکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق ئەوەل عەبدولئەمیر شەمەڕی جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، بە ئامادەبوونی جەنەڕاڵ فۆگارتی بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان لە عێراق، شاندی باڵای هەماهەنگی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراق، لە هەولێر کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، باسیان لە ئیشوکارەکانی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقیەکان و دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش کرد. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەماهەنگی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و کاری هاوبەش تاوتوێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە هەردوو شاندی باڵا سەردانی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی هەولێریان کرد، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا لەگەڵ بەڕێوەبەرو ئەفسەرانی گشت بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش، کە تیایدا جەختیان لە گرنگی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش و کاری هاوبەش کردەوە، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش ڕۆڵیان هەبێت لە پاڵپشتی و سەرخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.