شاندێکی سەربازیی ئەڵمانیا نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەسەردەكهنهوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ چوارشەممە 2021/2/17 شاندێکی سەربازیی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی کۆلۆنێل کونکیل، فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان بەسەرکردەوەو لە لایەن د.رزگار بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی و ستافی نەخۆشخانە پێشوازیان لێکرا.
لە کۆبونەوەیهکدا، کە د.دانا ئهحمهد عهلی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە و كۆڵۆنێڵ یورگ راویژکارو بەرپرسی پرۆژەکان لە سوپای ئەڵمانیا تێدا بەشداربوون، شاندی ئەڵمانیا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕووی بریندارو نەخۆشانی پێشمەرگەدا بکرێتەوە و پێشوازیان لێبکات، هەروەها فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئەڵمانیا کۆلۆنێڵ کونکیل بە ئامادەبوانی کۆبونەوەکەی راگەیاند، ئێمە وەک تیمی ئەڵمانیا لە کوردستان لە نزیکەوە چاودێری پرۆژەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە دەکەین و ئامادەی هەموو هاوکارییهکیشین بۆ ئەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەزوویی و بەشێوەیەکی سەردەمیانە بکرێتەوە و چارەسەری تەواوەتی بۆ بریندارو نەخۆشەکان بکات.
لە لایەن خۆیەوە د.دانا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە هیوای خواست کە هەموان زیاتر هەماهەنگ و هاوکار بن لەسەرخستنی پرۆژەی نەخۆشخانەی پێشمەرگەو پرۆسەی بەرەوپێشچوونی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە لە رووی تەندروستیەوە.
نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەسەر ئەرکی وڵاتی ئەڵمانیای فیدراڵ تایبهت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دروست كراوه، وەک دیارییهك پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.