Skip to the content

كتێبی (تا پزیشك دەگات)

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كتێبی (تا پزیشك دەگات) لە نوسینی عەقید جەمیل ئەحمەد بابان كتێبێكی قەبارە مامناوەندی هەشتا لاپەرەییە، لە بڵاوكراوەكانی وەزارتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتمانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی راگه‌یاندن و هوشیاری نیشتیمانی. ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی باسی فریاگوزاری سه‌ره‌تایی و ئەو رێنمایی و چارەسەرییانە دەكات كە لە كاتی برینداربوون یان به‌ركه‌وتن له‌ رووداوە سروشتی و نەخوازراوەكان پێویستە ئەنجام بدرێت، تا ئەو كاتەی پزیشكی پسپۆڕی ئامادە دەبێت و دەگاتە شوێنی رووداوەكه‌ یاخود به‌ركه‌وته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ بنكه‌كانی ته‌ندروستی.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشەكی ئەو كتێبەی نوسیوە، جگە لەوەی باس لەگرنگی دەركردنی كتێبێكی لەو جۆرە دەكات بۆ پێشمەرگە، هاوكات پێیوایە هەنگاوە سەرەتاییەكانی فریاگوزاری و تیماركردنی بریندار و پاككردنەوەی برینی جەستە، هۆكارێكە دەبێتە هۆی رزگاربوونی ژیانی پێشمەرگە لەمردن و شەهیدبوون، یان پاراستنی ئەندامێكی جەستە لە شكست و لەدەستدان.

لەلایەن خۆیەوە نوسەری كتێبەكە ئاماژە بەوە دەكات خوێندنەوەی ئەم كتێبە وادەكات فێری بنەما سەرەتاییەكانی فریاكەوتن و چارەسەرییە سەرەتاییەكانی پزیشكی ببێت، پێشیوایە زانیارییەكانی نێو ئەم كتێبیە رێنیشاندەرێكی زۆربەسوودە و دەبێتە فریادڕەس بۆ خۆتان و هاوسەنگەر و كه‌سانی به‌ركه‌وته‌.