Skip to the content

وەزیری پيشمەرگە پێشوازیکرد لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێم

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/22 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، پێشوازیکرد لە د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا، جەختکرایەوە لەسەر گەیاندنی پەیامی حکومەت بەدروستی و کارکردن بەپرەنسیپەکانی راستگۆیی، متمانە، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.

وەزیری پێشمەرگە، دووپاتیکردەوە، کە وەک وەزارەتی پێشمەرگە بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتە میدیاییەکان دەکەن و بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە، کە دەبێت رۆڵی میدیا لە گەشەکردن و پێشکەوتنی پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە فراوانتر و باشتر بێت.

راشیگەیاند: پرسی میدیای سەربازی و فرە لێدوانی لەوەزارەتی پێشمەرگە رێکخراوەتەوە، بەو پێیەی راگەیاندنی سەربازی تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستی بەرێکاری گونجاو و پارێزراو هەیە لەپەخشکردنی هەواڵ و زانیارییەکانی، بەجۆرێک زیان نەگەیێنێت و نەبێتە مەترسی بۆ سەر رۆڵی پێشمەرگەو ئاسایشی نەتەوەیمان.

سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، رونیکردەوە، حکومەتی هەرێم ئامانجێتی هەمووان لەکاری میدیاییەوە بەرپرسیارانە مامەڵەبکەن. وتیشی: وەزارەتی پێشمەرگە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە، هەمووان بەبایەخەوە لەچالاکی و هەواڵەکانی دەڕوانن، بۆیە پێویست دەکات، روانگەی میدیایشی بەهەمان پێوەر و ئاراستە بێت.

لەکۆتایی دیدارەکە، هەردوولا بەگرنگیەوە باسیان لەهەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری کردەوە لەبواری زانیاری.