Skip to the content

لەسەرەتای ساڵی نوێدا یەکەم کاروانی هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە گەیشت

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 7ی كانونی دووەم (یەنایر)ی 2021 بەئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ ولیام یاردەدەری جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و عەمید شێرزاد ئەسعەد سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە ، رێورەسمی ئیمزاکردنی گەیاندنی پێداویستی سەربازی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو. بڕیاریشە سەرجەم ئەو پێداویستیانە بەسەر لیواکانی سەر بە وەزارتی پێشمەرگە دابەش بکرێت.


کۆڵۆنێڵ ولیام یاریدەدەری جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی ئەو هاوکاریانە رایگەیاند ئەوەی ئەمجارە پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەمان کرد کۆمەڵێک پێداویستی سەربازی بوو، بەتایبەتی ئۆتۆمبێل، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە دا هەیە. دووپاتیشی كردەوە بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستیە سەربازییەکان لە داهاتوو ئەو هاوکاریانە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن.


لەلایەن خۆیەوە عەمید شێرزاد ئەسعەد سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆمەڵێک پێداویستی سەربازیمان لە هاوپەیمانان وەرگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوکاریانەیە کە هاوپەیمانان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکەن. هاوكات سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان كرد بۆ ئەو پاڵپشتیانەی بۆ وەزارەت دەیکەن، وئەمڕۆ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زۆر پێویستە، هیوادارین بەردەوام بێت.