ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بەرپرسی باڵای نووسینگەی هەماهەنگی ئاسایشی وڵاتەکەی لەعێراق بە وەزیری پێشمەرگە راگەیاند
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی 2021/7/6، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق جەمال محمد، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای راوێژکارانی سەربازی ئەمریکا لەعێراق و هەرێمی کوردستان.
وەفدی میوان ئامانجی سەردانەکەیان بە وەزیری پێشمەرگە راگەیاند: کە جەنەڕاڵ فلیپ، فەرماندەی باڵای سەربازی ئەمریکا لەعێراق، وەک بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگی ئاسایشی ئەمریکا لەعێراق، لەشوێنی جەنەڕاڵ تایگەرت دەستبەکار دەبێت.
وەزیری پێشمەرگە، وێڕای بەخێرهێنانی بەرپرسی نوێی نووسینگەی هەماهەنگی ئاسایشی ئەمریکا لەعێراق، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، پشتگیری و پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگەی لە بەیەکەوە کارکردن بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی تیرۆریستان دووپاتکردەوە.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا، وەزیری پێشمەرگە ئەرک و ڕۆڵی راوێژکارانی ئەمریکای لەبەرزکردنەوەی توانای پێشمەرگە و هاوکاری و هەماهەنگیە بەردەوامەکانیانی بەرزنرخاند و لەو نێوەندەشدا رۆڵی جەنەڕاڵ تایگەرت فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکای بەگرنگ و پڕبایەخ وەسفکرد.
جەنەڕاڵ فلیپ، وتی: دۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆر، دەخوازێت هەمووان بەیەکەوە کار بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بکەین.