Skip to the content

بەرپرسی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی2021/7/6، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەریق جەمال محمد سەرۆکی دەستەی ئەڕکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ولیەم دەیڤد بەرپرسی راوێژکارانی سەربازی (هاوپەیمانان) لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.لە کۆبوونەوەیەکدا، کۆڵۆنێڵ ولیەم دەیڤد کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازی خۆی بە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند و کۆڵۆنێڵ جێفری تاد برۆوسی وەک شوێن گرەوەی خۆی ناساند.
لەو کۆبوونەوەیەدا، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی کۆڵۆنێڵ ولیەمی کرد و ئەو هاوکاری و خزمەتەی بەرز نرخاند، کە بە پێشمەرگەی کردووە لە بواری راوێژکاری و هاوکارییە سەربازییەکاندا. 
لەلایەکی ترەوە بەخێرهاتنی کۆڵۆنێڵ جێفری تاد برۆوسی کرد، وەک بەرپرسی نوێی راوێژکارانی (هاوپەیمانان) لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆخواست لە ئەرکە نوێکەیدا، بەڵێنی دا، کە هاوکارو هەماهەنگ بێت لە پێشخستن و سەرخستی ئەرکەکەیدا، بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێش بردنی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە بریکاری وەزارەت و سەرۆکی دەستەی ئەڕکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دیاریان بەخشی بە کۆڵۆنێڵ ولیەم دەیڤد و ماڵئاواییان لێکردو هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە ئەرکە سەربازییەکانی لە داهاتوودا.