لیژنەی ماددەی هۆشبەرو کارتێکارە عەقڵییەکان، لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەر دەکەنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ٢٦/۷/٢٠٢١، لیژنەی بەڕەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتی دادوەر کوردەوان نەقشبەندی و ئەندامێتی هەریەک لە عمید شوان محمود بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتمانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک( پردێ)یان کرد، لە سێ کۆبوونەوە و کۆڕی جیا جیا لەگەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای ١٥ و لیوای ١٠ و لیوای ٢ پیادە، باسیان لە چۆنیەتی بەڕەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵییەکانیان لەناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەفسەران و پێشمەرگەکانی ئەو سێ لیوایە روونکردەوە، لەژێر ڕۆشنایی یاسای نوێی (بەڕەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان ژمارە 1 ی ساڵی 2020ی بەرکار لە هەرێمی کوردستان)،
هەروەها تیشکیان خستە سەر کاریگەری خراپ و مەترسیداری ماددەی ھۆشبەر و چۆنیەتی بەڕەنگاربوونەوەی لەناو لەشکرو سوپای کوردستان، لەڕووی ( یاسایی و هۆشیاری و تەندروستی)یەوە.
شایانی باسە، ئەم سەردانانە بەردەوام دەبن، لەلایەن هەمان لیژنەوە بۆ سەرجەم لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە رۆژانی داهاتوودا رێک دەخرێت، بۆ هۆشیارکردنەوەی پێشمەرگە لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەرو کارتێکارە عەقڵییەکان.