Skip to the content

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەکی کرد



هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ۲۱/٦/۲۰۲۱ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق بەیاوەری رۆب والەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەولێر، سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک ـ ی پێشمەرگەیان کردو لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، شێخ سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەکەوە  پێشوازیان لێکرا. 
لەمیانی کۆبوونەوەکەیشدا، کە ئەمینداری گشتیی و سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەکی زۆر لەئەفسەرانی پلە باڵای سەربازی پێشمەرگەو سوپای ئەمریکا ئامادەی بوون، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق ستایشی رۆڵ و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردو رایگەیاند: لەهاوکاری و هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین، وتیشی: بازنەی هاوکاری و یارمەتیەکانمان بەدەر لە بوارەکانی لۆجیستی و مەشق و کۆمەکە سەربازیەکاندا،  بابەتی هۆشیاری و بەرزکردنەوەو بەرەو پێشبردنی توانستی زانستی پێشمەرگە دەبێت.
وەزیری پێشمەرگە: رۆڵ و کاریگەری راوێژکارانی ئەمریکای لەهاوکاری و بەرەو پێشبردنی تواناکانی پێشمەرگە بەرزنرخاند. وتیشی: بەناوی حکومەتی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگەوە سوپاسی گەل و حکومەت و سوپای ئەمریکا دەکەین، شانازیشە بۆ ئێمە کە، پێکەوە مێژووێکی پڕشنگدارمان هەیە، لەتێکشکاندن و لەناوبردنی تیرۆریستاندا. ئاماژەشی بەوە کرد، ئەگەر پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا نەبوایە، کۆسپی زۆرمان دەهاتە بەردەم. 
وەزارەتی پێشمەرگە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پێکەوە تاوتوێی مەترسییەکانی ئێستای تیرۆریستانی داعش ـیان کرد. بۆ ئەمەش هەنگاوەکانی یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی ریفۆرمی سەربازی بە بایەخەوە گفتۆگۆی لەبارەوە کرا، باڵیۆزی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆسەی چاکسازی دەربڕی و هیوای خواست هەنگاوەکانی ئەو پڕۆسەیە خێراتر بکرێت. 
شێخ سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک، کورتەیەکی لەبارەی ئەرک و کارەکانی هێزەکانی پشتیوانی خستەڕوو، تیایدا باسی لە تێکۆشانی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک ـ دووی لە شەڕی داعش کرد، کە رۆڵی قارەمانانەو ئازایانەی بێ وچانیان هەبووە لە تێکشاندنی تیرۆریستاندا.

هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد، لە ئێستادا توانای هێزەکانی پشتیوانی باشتر بووە، بەتایبەت لە رووی مەشق و راهێنانەوه، داواشیکرد پڕۆسەی هاوکاری لۆجیستی و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە خێراتر بکرێت،چونکە گۆڕانکاریەکان لەناوچەکەدا خێران. هاوکات ئامادەی فەرماندەییەکەی دەربڕی بۆ هەر فەرمانێک لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرای کرد،  پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە پێویستی بە کارکردن و خەباتی هاوبەشی هەموو لایەکە و دەبێت هێزێکی تۆکمەو سەردەمیانەی پێشمەرگە هەبێت، بۆ ئەوەی زامنی ئەو ئامانجانە بکات کە هەمووان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەیخوازن. وتیشی: "لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە خواستی ئێمەیە هەموو هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆببنەوە، بەبێ جیاوازی."