وه‌زیری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا و به‌رپرسی راوێژكارانی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته كۆبۆوه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی 9ی6ی2021 شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ سڤێن كڕاوسپێ، كونسوڵی گشتیی كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا لهههولێرو كۆلۆنێل هۆڵگه‌ر كونكل، به‌رپرسی راوێژكارانی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته له‌هه‌رێمی كوردستان كۆبۆوه.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتیی و راوێژكارانی سه‌ربازی و به‌رێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیه‌كان ئاماده‌یبوون، كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیا ستایشی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد كه به گوڕ‌و تینی زیاتره‌وه له‌پڕۆسه‌ی چاكسازی به‌رده‌وامه، ئاماژه‌شی به‌وه كرد، ئه‌ڵمانیا له‌پڕۆسه‌ی مه‌شق و راهێنانی پێشمه‌رگه‌و پڕۆسه‌ی راوێژكاری له بواری چاكسازی به‌رده‌وام ده‌بێت.
وه‌زیری پێشمه‌رگه، ستایشی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی راوێژكارانی سه‌ربازی ئه‌ڵمانیای كرد، كه لهخۆبردووانهو ماندوونه‌ناسانه له هه‌وڵی به‌ره‌و پێشبردنی توانا سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌دان و له‌مڕوه‌شه‌وه كاریگه‌ری گرنگ و به‌رچاویان گێڕاوه. بۆ ئه‌وه‌ش رایگه‌یاند: شانازی به‌دۆستایه‌تی و كاركردن له‌گه‌ڵ ئێوه ده‌كه‌ین و پێكه‌وه مێژووێكی درێژمان هه‌یه له راوه‌دوونانی و شكست پێهێنانی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش.
كۆبونه‌وه به تاوتوێكردنی پرسی دروستكردنی ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كۆتایی هات و له‌مڕوه‌شه‌وه به‌بایه‌خه‌وه له ئه‌رك و كاریگه‌ری ئه‌و ناوه‌ندانه‌یان روانی له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌و ناوچانه.