Skip to the content

بەریتانیا بودجەیەکی تایبەت بۆ هاوکاری پەرەسەندنی ناوەندە سەربازییە ئەکادیمییەکانی عێراق و هەرێم تەرخان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ۲۲ی حوزەیرانی ۲۰۲۱ شاندێکی باڵای سەربازیی بەریتانیا کە پێکهاتبوون لە جەنەڕاڵ ئادەم مولحەقی سەربازی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لەعێراق و کۆڵۆنێڵ چارڵی، راوێژکاری هێزەکانی بەریتانیا لەهەولێر، سەردانی کۆلێژی ئەرکانیان لە ناحیەی چوارقوڕنە کرد.
جەنەڕاڵ ئادەم، کە سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد ستایشی هەوڵ و هەنگاوە بەردەوامەکانی کۆلێژی ئەرکانی کرد، لەبەرەو پێشبردنی ئاستی زانستی فێرخوازان و هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی زانستیانە و سەردەمیانە. وتیشی: ئێمە لەهاوپەیمانان بەبایەخ و گرنگی زۆرەوە لەو ناوەندە ئەکادیمیە سەربازیانە دەڕوانین، پێمانوایە دەبێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ پێگەیاندنی ئەفسەران لەدروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی تۆکمەدا.
عەمید روکن سالار ئیبراهیم، راگری کۆلێژی ئەرکان لەمیانی پێشوازیکردن و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکە، سوپاسی پەیوەندی و هەماهەنگییە بەردەوامەکانی راوێژکارانی سەربازی بەریتانیا و هاوپەیمانانی کرد، کە رۆڵێکی باش دەگێڕن لەبەرەو پێشبردنی کۆلێژەکەیان. ئاماژەشی بەوەکرد، لەمیانی هەماهەنگی و کاریان لەگەڵ تیمی راوێژکارانی بەریتانی سوودی زۆریان بینیوە بۆ پێشکەوتنی کۆلێژەکەیان، بۆ ئەمەش جەختیکردەوە، لە بەردەوامیدان و فراوانکردنی ئەو پەیوەندیانە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، مولحەقی سەربازی بەریتانیا لەعێراق ئاشکرایکرد،  وڵاتەکەی بودجەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، تەنها بۆ پەرەسەندن و گەشەسەندنی ناوەندە ئەکادیمیە سەربازییەکان لەعێراق و هەرێمدا.
پەیوەست بەو پرسەش هەردوولا جەختیان لەپتەوکردنی پەیوەندییەکان و دانانی بەرنامەی چڕو پڕتر لەتەواوی سێکتەرە جیاوازەکان کردەوه.