راوێژکارانی باڵای سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی هاوپەیمانان کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٨ لیوا روکن بختیار محمد و عەمید روکن هەژار عومەر، راوێژکارانی وەزارەتی پێشمەرگەو عەمید روکن محمد سەعید، بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندیەکان، لەگەڵ راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە راوێژکاری باڵای هێزەکانی بەریتانیا لەهەرێم و راوێژکاری هێزەکانی ئەمریکا، راوێژکاری هێزەکانی هۆڵەندا و راوێژکاری هێزەکانی ئەڵمانیا لەتیمی هاوپەیمانان کۆبونەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، گفتوگۆی چڕ و بایەخداریان لەسەر پێشکەوتنەکانی پڕۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە کردو هەردوولا هاوڕابوون لەسەر فراوانکردن و خێراترکردنی بەرنامەی چاکسازی لەپێشمەرگەدا.
هەر لەو کۆبونەوەیە، پڕۆژەی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ، یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، پرسی یەکپۆشی و هەیکەلی لیواکان، تاوتوێکران و بۆ ئەمەش کۆمەڵێک سەرنج و پێشنیار بۆ پێشخستنی ئەو پڕۆژانە خرایەڕوو.
کۆبونەوە، بە دانانی کۆمەڵێک تەوەری هاوبەش لەسەر کۆی پڕۆژەکانی تایبەت بە رێفۆرمی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی هات.