وه‌زیری پێشمه‌رگه و وه‌فدێكی باڵای دیبلۆماسی و سه‌ربازی نه‌رویج كۆبوونه‌وه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ 20ی 6ی 2021 ، له‌گه‌ڵ رۆرا هۆجسداڵ، وه‌زیری راوێژكار و هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباره‌كانی نه‌رویج له‌عێراق و كۆلۆنێل تۆرلیستا، مولحه‌قی سه‌ربازی كونسوڵخانه‌ی نه‌رویج له‌ئوردن و عێراق كۆبۆوه.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت و راوێژكارانی باڵای سه‌ربازی و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌ت ئاماده‌یبوون، بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا له‌سه‌ر پڕۆژه‌و به‌رنامه‌ی نوێ، له‌سەر پرسه‌كانی مه‌شق و راهێنانی پێشمه‌رگه و ریفۆرمی سه‌ربازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زیری پێشمه‌رگه رایگه‌یاند: هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت و تیمی هاوپه‌یمانان له پێناو ئاماده‌سازی و پێكه‌وه كاركردنه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌دا، وتیشی: هێزه‌كانی نه‌رویج رۆڵی گرنگ و كاریگه‌ریان لهمهشقپێدانی هێزی پێشمه‌رگه گێڕاوه‌و ئه‌و هاوكاریهنهش جێ بایه‌خی زۆری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه.
وه‌زیری راوێژكار‌و هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباره‌كانی نه‌رویج له‌عێراق، ستایشی قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد، له تێكشكاندنی تیرۆریستان و هاوكات به‌رده‌وامی هاوكاری و پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه له‌چوارچێوه‌ی كار‌و ئه‌ركه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا دووپاتكرده‌وه، .
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زیری راوێژكاری نه‌رویج، كۆلۆنێل تۆرلیستای به وه‌زیری پێشمه‌رگه ناساند، كه له‌مه‌ودوا وه‌ك مولحه‌قی سه‌ربازی راوێژكاری هێزه‌كانی نه‌رویج له عێراق و هه‌رێمی كوردستان رۆڵ ده‌بینێت، وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌خێرهاتنی كرد‌و ته‌واوی پاڵپشتی و هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی بۆ دووپاتكرده‌وه.