پارەی ئەمریکا نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و تا پارەکە دەگات داوامان کردوە، حکومەت مووچەیەک بەلیواکان بەبێ لێبڕین بدات.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢١/٣/١٨ لیوا قارەمان شێخ کمال جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، زانیاری نوێی لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگه و پرسی هاوکارییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان درکاندو راشیگەیاند: تا ئێستا هاوکاری دارایی ئەمریکا نەگواستراوەتەوە سەرهەژماری بانکی وەزارەتی پێشمەرگەو هەر کاتێک تەحویل بکرێت، راستەوخۆ وەک خۆی دابەشدەکرێت.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، لیوا قارەمان روونیکردەوە، کە بەنامەیەکی فەرمی دەستنووس و دواتر لەدوو کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بەفەرمی جەنابی وەزیری پێشمەرگه و ئێمەیان ئاگادارکردەوە، کە ئەوان وەک خۆیان بڕیاریان داوە، لەرێگەی ئەو هاوکارییەی دەیدەن بە لیوا هاوبەش و رێکخراوەکانی پێشمەرگە، ئەوا قەرزەکانیشیان دەدەنەوە، کە پێدانی سێ مووچەیە بەسەر یەکەوە، ئێستاش کە دواکەوتووە، هۆکاری دواکەوتنەکە کێشەی فەنی گواستنەوەی پارەکە بووە بۆ سەر هەژماری وەزارەت و تائێستاش کە لێرەوە قسە دەکەم پارەکە نەگەیشتووە، بەڵام بڕیاری پێدانی سێ مووچەو هاوکارییەکانی ئەمریکا نەگۆڕاوەو تا ئەو کاتە وەک خۆیەتی و هیچ پاشگەزبوونەوەیەکی تێدانیە.
وتیشی: جەنابی وەزیری پێشمەرگە، لەمیدیا بێ دەنگە، بەڵام لەدیوێکی تر، بەردەوام لەسەر هێڵەو بێدەنگیش نیە لەسەر ئەو پرسە، بەفەرمی بە لایەنی ئەمریکاو هاوپەیمانانی وتوە، لەخەمی چارەکردنی ئەو پرسەیەو لەدوو هەفتەی رابردوش بە جەنابی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت ووتراوە و پەیوەندیشی کردوە تا مووچەیەک بدرێت بەو هێزانە لەحکومەتی هەرێم تا پارەی ئەمریکیەکان دەگات، ئەمە جگە لەوەی کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی کراوە هەر بۆ ئەو مەبەستە بۆ ئەوەی بە قەرزیش بێت پارەیەکمان بدەنێ، تا پارەی ئەمریکا دەگات. ئێستاش ئێمە چاوەڕێی وەڵام دەکەین و ناوەستین.
جێگری سەرۆکی ئەرکان ئاشکراشی کرد: وەزیری پێشمەرگە و تیمی باڵای وەزارەت، لە بارو گوزەرانی هێزی پێشمەرگە تێدەگەن و بەدڵنیایشەوە، هەموو هەوڵێکمان داوەو ناوەستین. دەمەوێ لێرە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتبکەمەوە، گوایە پارەکە گەیشتووەو وەزارەت و حکومەت نایدات، ئەمە چەواشەکارییەکی گەورەیەو رەتی دەکەینەوە، پارەکە بگات لەلایەن ئەمریکا و ئێمەش بەفەرمی رادەگەینرێت.
لەکۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، لیوا قارەمان ئاشکرای کرد، چاوەڕێ دەکەین تا پارەکەی ئەمریکا دەگات، حکومەتی هەرێم رەزامەندی بدات لەسەر مووچەیەک بەبێ لێبڕین بۆ سەرجەم لیواکان.