Skip to the content

پەیامی وەزیری پێشمەرگە لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/3/16 كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە

‎قوربانیان و بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە

‎هاونیشتمانیانی هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی

لەم ساڵڕۆژە خەمناكەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان دادەنوێنم و دەخوازم بتوانین خزمەتی زیاتری هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بكەین.

ئه‌م یاده‌ پر ئازاره‌ش بكه‌ینه‌، هه‌وێنی پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كان و ئاینده‌مان بپارێزین.

به‌م پارچه‌ شیعره‌ی شوكری فه‌زڵی شاعیری گه‌وره‌ كه‌ له‌ساڵی 1923 بۆ شێخ مه‌حمودی حه‌فیدی نوسیوه،‌ ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌...

 

" ئیش، که‌ ڕووی ئێستا له‌ هه‌ورازه‌ سه‌ره‌و لێژی نه‌که‌ی

فکری وردیشی ئه‌وێ هه‌ر به‌ دوعاو نوێژی نه‌که‌ی

گێره‌ شێوێنی، که‌ کای کۆنی به‌ (با) دا له‌ کنت

چاکه‌ هه‌ر لێی خووڕی سه‌یری ده‌م و کاوێژی نه‌که‌ی

سه‌ره‌تای ئیش هه‌موو یه‌کبوونه‌ ئه‌ویش نابێ هه‌تا

هه‌ر برینێ که‌ له‌ دڵدا هه‌یه‌، ساڕێژی نه‌که‌ی"

 

شۆڕش ئیسماعیل

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

16ی3ی2021