Skip to the content

بەڕێزان/ خانەوادەو كەسوكاری مێژوونوسی ناوداری كورد (پ.د. کەمال مەزهەر )

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢١/٣/١٦ بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، نووسەر و مێژوونوسی دیارو ناسراوی كورد، پ.د.کەمال مەزهەر، ژیانئاوایی لێکردین، بەم بۆنە خەمناكەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەو كەسوكارو هەموو رۆشنبیران ‌و گەلی كورد دەكەم.

ماڵئاوایی یەكجارەكی پڕۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر، مێژوونوسی ئەكادیمی‌ و نووسەری بەئەزموونی گەلەكەمان، لەناخەوە هەموومانی خەمبارو نیگەران كرد.

لەدەستدانی ئەم مرۆڤە ئەكادیمیە بە ئەزموونە، خەمێكی قووڵە، ناوو ئەزموون‌ و بەرهەم‌ و مێژووی كۆچكردو بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

 

ژیانئاوایی پڕۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر خەسارەتێكی گەورەیە بۆ گەلەكەمان بەتایبەت لە بواری مێژوونوسی و رووناكبیریدا، ئەو بیرمەندە مەزنە لەسەر رێچكەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیانەی دروست كاری دەكردو هەمیشە هەوڵی دەدا لەڕێی كارەكانی، مێژوو و قوربانییەكانی گەلی كورد بە جیهان بناسێنێت.

 

مامۆستای پایەدار، وێڕای ئەوەی لە خانەوادەیەکی ناودارو نیشتمانپەروەردا لەدایکبووە، زۆری تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە نوسینەوەی مێژووی گەلەکە و ناوچەکە، ساغکردنەوەی ناسنامەی گەل و نەتەوەکەی تەرخانکردبوو، لەمڕوەشەوە چەندین کتێبی و بەڵگەنامەی دانسقەو پڕ بایەخی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی و گەلەکەی کردووە، کە دواجار بونەتە سەرچاوەی گرنگ بۆ ئەکادیمیست و خوێندکاران.

 

لەپەروەردگاری مەزنمان داوایە گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات ‌و سەبووریش بەهەموو لایەك ببەخشێت.

 

شۆڕش ئیسماعیل

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

۱٦ی ۳ی۲۰۲۱