Skip to the content

ماڕشاڵ سامپسۆن: بەردەوام دەبین لە ڕاهێنان و ڕیفۆرمی نێو وەزارەتی پێشمەرگە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ئێوارەی ڕۆژى چوارشەممە ٥ی ئایاری ٢٠٢١، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی له‌ مارشاڵ سامیوڵ سامپسۆن گه‌وره‌ ڕاوێژکاری به‌رگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا و کۆڵۆنێڵ چارڵی راوێژکاری هێزەکانی بەریتانیا لە هەرێم کرد.

 

له‌ دیدارێکدا، کە هەریەک لە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی و فەریق جەمال محمد سەرۆکی دەستەی ئەرکان و راوێژکارانی باڵای وەزارەت ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا، لەبارەی دوایین پێشهات و جموجۆڵ و مه‌ترسييه‌كانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

وەزیری پێشمەرگە، لە میانى گفتوکۆکەیدا سەرەڕاى قسەکردن لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپای عێراق و هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانان، هۆشداری لەسەر کردە تیرۆریستییەکانی داعش دا کە لە ڕێگەی تەکتیکی تازەوە خەریکی خۆڕێکخستنەوەن. هەر لەم بارەوەش گوتى: بەهێزبوونەوەی داعش، مەترسییە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی جیهان، وەک چۆن پێشمەرگە لە ڕابردوودا شەڕی تیرۆریستانی لەبری جیهان کرد، ئێستاش بۆ ڕێگری لەو مەترسییە پێویستیمان بە هاوکاری هاوپەیمانان هەیە".

مارشاڵ سامپسۆنیش لای خۆیەوە، وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە کە بەریتانیا لە هاوکاری و یارمەتییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و لەم قۆناغەدا ئامانجیان سەرکردایەتیی ڕیفۆرمی سەربازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە.