وەزارەتى پێشمەرگە: بۆشایی ئەمنى سنوورەکان هۆکاری شەهیدبوونى پێشمەرگەکانمانە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەرزارەتى پێشمەرگەى لە ڕاگەیێنراوەکەى خۆیدا دەڵێت: "لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار هۆشداریمان لەسەر بوونی بۆشایی ئەمنی لە نێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی دابوو، بەمەش تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێک بخەنەوەو لە ئێستادا لە شێوەی گرووپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتوونەتەوە". وەرزارەتى پێشمەرگە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش ئەو هێرشانە بە نمونە دەهێنێتەوە کە ماوە ماوە بە شێوەى کردەى دڕندانەی تیرۆریستی لە لایەن ئەو گرووپەوە ئەنجام دەدرێن و لە دوا هێرشیان دەنووسێت "کاتژمێر ١٠:٣٠ دەقیقەی شەوی ١٠ى ئایاری ٢٠٢١ تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ١١٦ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا لە سنووری قەزای کفری و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی (موحسین حسێن گەرەوەیی) شەهید بوو".
هێزى پێشمەرگەى کوردستانیش بەرپەرچى ئەم پەلامارەى تیرۆریستان داوەتەوە و ڕاویان ناون، وەزارەتیش جارێکی تر ئەوە دووپات دەکاتەوە کە "تیرۆرستان جووڵە و بزاوتەکانیان زیاد بووە و ئێستا شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیوە و بەردەوام مەترسی دروست دەکەن"، هەر بۆیە جەخت لەسەر ڕێگریکردن لەم ڕووداوانە و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستان دەکاتەوە کە پێویستییان بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عێراق.
وەزارەتى پێشمەرگە سەرەڕاى پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو شەهیدەی سەنگەری بەرگری نیشتمان، دڵنیایی دەدات کە "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوەو پێشمەرگەش جێگای باوەڕو متمانەی هەمولایەکە".