Skip to the content

وەزیری پێشمەرگە بۆ لیوا هاوبەشەکان: ڕێگە نەدەن تیرۆریستان هەڵبقۆزنەوە

لەمیانی کۆبونەوەی وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندە و جێگرانی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، هۆشدارى پاراستنی سەنگەرەکان و بەرەوپێشچوونی توانای سەربازی هێزی پێشمەرگە لە سەرجەم لیواکاندا دووپات کرایەوە.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ڕۆژی ٥ی ئایاری ٢٠٢١ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فەرماندە و جێگری لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بووەوە و تاوتوێی دۆخی ئێستای پێشمەرگە کرا. وەزیرى پێشمەرگە ڕایگەیاند: وەک وەزارەتی پێشمەرگە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی هێزی پێشمەرگەین و دوایین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش بە دیاریکراوی لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەرکی ئێوە قورستر دەکات و لەو پێناوەشدا دەبێت سەنگەرەکان قایمتر و تۆکمەتر بکرێن.

وەزیری پێشمەرگە، فەرماندەی لیواکانی ئاگادار کردەوە کە هەوڵەکانیان لە پرۆسەی خۆڕێکخستن و پەرەپێدان بە توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت و پلانی ستراتیژیی سەربازیانەی وردیان هەبێت و هەوڵ بدەن دیسپلینی سەربازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بچەسپێنن و لەم پێناوەشدا وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت.