Skip to the content

ڕاهێنانى هاوبەش تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانى کۆلێژی ئەرکانی پێشمەرگە و جەنگى عێراق بوو لە چوارقورنە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٥/٥/٢٠٢١، شاندێکی کۆلێژی جەنگی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقی، بەسەرپەرشتی لیوا ڕوکن جەواد کازم کەریم ڕاگری کۆلێژی جەنگی عێراق هاوڕێ لەگەڵ عەمید ڕوکن علمی مزوری نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەیان لە چوارقورنە کرد، لەلایەن عەمید ڕوکن سالار ئیبراهیم ڕاگری کۆلێژی ئەرکان پێشوازییان لێکرا.
لەمبارەیەوە، عەمید ڕوکن سالار ئیبراهیم مەبەستی سەردانەکەی شاندی کۆلێژی جەنگی، بۆ هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو کۆلێژەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری سەربازی و گۆڕینەوەی بیروڕا لە نێوان کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەو کۆلێژی جەنگ و چۆنیەتی هاوکاریکردنی یەکتر گەڕاندەوە و گرنگترین تەوەریش ئەنجامدانی ڕاهێنانی هاوبەش بوو لە نێوانیاندا.
عەمید ڕوکن سالار ئیبراهیم، پوختەیەک لە کارەکانی کۆلێژەکەی بۆ شاندەکە باس کرد و دواتر گفتوگۆ لە نێوان ئەفسەرانی خوێندنی باڵا و مامۆستایانی کۆلێژی جەنگ و ئەفسەرانی کۆلێژی ئەرکان ئەنجام درا.