شاندێکی کۆلێژی جەنگی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٢/٥/٢٠٢١، شاندێکی کۆلێژی جەنگی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بە سەرپەرشتی لیوا ڕوکن جواد کازم کەریم ڕاگری کۆلێژی جەنگی وەزارەتی بەرگری، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و لە لەلایەن عەمید ڕوکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی وەزارەت و عەمید ڕوکن علمی مزوری بەڕێوەبەری بنکەی ئۆپەراسێونە هاوبەشەکانی وەزارەت پێشوازییان لێکرا.
لەمبارەیەوە، عەمید روکن علمی مزوری ڕایگەیاند: ئامانج لە سەردانەکەیان هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو وەزارەتە، لە سەر ئاستی زانست و زانیاری سەربازی، هەروەها گۆڕینەوەی بیروڕایە لە نێوان کۆلێژی ئەرکان و کۆلێژی جەنگ و چۆنیەتی هاوکاریکردنی یەکتر.
بڕیارە شاندی کۆلێژی جەنگ ڕۆژی ٢٣/٥/٢٠٢١، لەلایەن بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازییان لێ بکرێت و چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.