Skip to the content

شۆڕش ئیسماعیل‌: خوازیارى خێراترکردنى پڕۆسەى ڕێکخستن و چاکسازین لە وەزارەتى پێشمەرگە

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری باڵا له‌ سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان، پرسی مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی‌ نێوان هاوپه‌یمان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی تاوتوێ کرد.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ یەکشەممە ٢ی ئایاری ٢٠٢١، شۆڕش ئیسماعیل وە‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ‌ كۆڵۆنێڵ ده‌یڤید ولیام ڕاوێژكاری باڵا له‌ سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان و كۆڵۆنێڵ كلین و شاندێکى یاوەریان کۆ بووەوە.

لە كۆبونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌رده‌وامیی‌ پڕۆسه‌ی مه‌شق و ڕاهێنانه‌كان كرا. ڕاوێژكاری باڵای سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان پێداگرى لەسەر ئەوە کردەوە كه هاوپه‌یمانان بەردەوام دەبن بۆ هەماهەنگى لەگەڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ له ‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و وە‌زیری پێشمه‌رگه‌ش باسى مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی تیرۆریستانی داعشى له ‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم کرد و خوازیارى خۆى نیشان دا لە خێراترکردنى پڕۆسەى ڕێکخستن و چاکسازى لە ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و کورتکردنەوەى هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانان.