Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە: هیوادارین کۆلێژی جەنگی عێراق چەندین کورسى بۆ ئەفسەرانى پێشمەرگەمان دابین بکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژى ٢٣/٥/٢٠٢١، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەریق جەمال محەمەد سەرۆکی دەستەی ئەڕکانی وەزارەت و لیوا قارەمان کەمال جێگری سەرۆکی دەستەی ئەڕکان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان و عەمید ڕوکن هۆشمەند ڕەشید جێگری سەرۆکی دەستەی ئەرکان بۆ ئیدارەو میرە، پێشوازی لە لیوا ڕوکن جەواد کازم کەریم ڕاگری کۆلێژی جەنگی وەزارەتی بەرگری عێراق و شاندی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک ئەفسەری کۆلێژەکە و ١٩ ئەفسەری خوێندنی باڵا لە کۆلێژەکە.
لە دیدارەکەدا، بریکاری وەزارەت خۆشحاڵی دەربڕی بەو سەردانەی شاندی کۆلێژی جەنگ، هاوکات داواشی کرد لەو ڕێگەیەوە بەشێک لە کورسییەکانی خوێندن لەو کۆلێژە دابین بکرێت بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە رابردوودا بێبەش کراون و ڕاگری کۆلێژی جەنگ لای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییەی کە لێیان کراو داواشی کرد کە وەزارەتی پێشمەرگە گرنگی بە پەیوەندی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو کۆلێژی جەنگ بدات و سەردانی کۆلێژەکە بکەن.
بڕیار وایە شاندی کۆلێژی جەنگی عێراق، سەردانی کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارقۆڕنە و کۆلێژی سەربازی ٢ لە زاخۆ بکەن بە مەبەستی هاوکاریکردن لەبواری زانستی سەربازی و مەشق و خوێندن.