ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی دوو فیرقەی نوێ و سەردەمییانەی پێشمەرگە دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەبوو، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی میلاک و شێوازی درووستکردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد؛ بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن لیژنەی دانانی میلاکاتەوە رەشنووسێک ئامادە کرا و بڕیارە بەرزبکرێتەوە تاوەکو لەمبارەیەوە گفتوگۆی وردی لەبارەوە بکرێت و تۆکمەتەر بکرێت.
دواتر باسیان لە شێوازی مەشق و راهێنانی ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانە کرد کە دەکەونە سەر ئەو دوو فیرقەیە، ئەمەش بۆ شارەزابوون و بەرچاوڕوونیی زیاتر و باشتر بەڕێوەبردن و فەرماندەییکردن و کۆنتڕۆڵکردنێکی بەهێز.
هەروەها چۆنییەتی گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.
بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان، بەردەوامیی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.
سەرۆکی ئەرکان درووستکردنی ئەو دوو فیرقەیەی بە کارێکی پێویست و گرنگ زانی و رایگەیاند "پەیکەری فیرقە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە کارێکی نوێیە، مەبەست لێی باشترکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن و درووستکردنی ناوەندێکی بەهێزە بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانەکان لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا".
هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد، لەپای کۆمەک و هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. هیواشی خواست لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام بن.