ئۆفیسی هاریکاریی ئاسایشی ئەمریکا جەختی لەسەر پشتیوانیی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی دووشەممە ۱٥ی ئابی ٢٠٢٢، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سانبۆڕن بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاریی ئاسایشی ئەمریکا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان و پڕۆسەی چاکسازی، لە تەواوی سێکتەرە سەربازی و ئیدارییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پرسی دوایین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش و رووبەڕووبوونەوە و لە ناوبردنیان لە تەواوی ناوچەکە، بە هەماهەنگیی سوپای عێراق لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
وەزیری پێشمەرگە، وێڕای ستایشی تەواوی ڕاوێژکاران و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، کە هەمیشە پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگەن، ڕایگەیاند "پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و لەم پێناوەشدا، هەوڵەکانمان چڕ کردۆتەوە، توانیومانە گۆڕانکاری زۆر لە بوارەکانی سەربازی و ئیداری بکەین لە وەزارەتی پێشمەرگە.
هەروەها گوتیشی "بە هەوڵ و پشتیوانیی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان، رۆژ لە دوای رۆژ هەنگاو دەنێین بۆ درووستبوونی هێزێکی نیشتیمانیی بەهێز، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا".
کۆڵۆنێڵ سانبۆڕن خۆشحاڵیی خۆی لەبارەی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی هەروەها باسی لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ماوەی ڕابردوو کرد، کە بووەتە جێگەی سەرنج و دڵخۆشیی ئەوان. راشیگەیاند "هیوادارین وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوام بێت و لەم پێناوەدا پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆم بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات دەکەمەوە".