سەرۆکی ئەرکان و هەردوو ڕاگری کۆلێژەکانی ٢ و ٣ی سەربازی جەختیان لە هەماهەنگیی زیاتر کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە لیوا نەزیر عاسف ئاغا ڕاگری کۆلیژی سەربازیی ٢ی زاخۆ و لیوا سەڵاح زاهیر ڕاگری کۆلیژی سەربازیی٣ی قەڵاچوالان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆیان دەربارەی کردنەوەی خولەکانی پێگەیاندنی ئەفسەران بۆ قوتابیان و خوێندکاران بەپێی یاسا و رێنماییەکان کرد.
هەروەها رۆڵی کۆلێژە سەربازییەکانیان لە پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئەکادیمی بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە بەرز نرخاند، لە هەمان کاتدا، کاریگەریی کۆلێژەکان لەسەر توانا زانستی و سەربازییەکانی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایندەدا بەگرنگ زانرا.
سەرۆکی ئەرکان بەگرنگییەوە باسی لە بەهێزکردن و پشتگیریکردنی ناوەند و کۆلێژە ئەکادیمییە سەربازییەکان کرد و بەڵێنی ئەوەشی پێدان کە وەزارەتی پێشمەرگە هەماهەنگ و هاوکار دەبێت لەگەڵیان؛ وەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکاربوون بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکانیان.
ڕاگری هەردوو کۆلێژی سەربازیی زاخۆ و قەڵاچوالان، سوپاسی سەرۆکی ئەرکانیان کرد و بەڵێنیان دا، وەک هەمیشە کۆلێژەکانیان بەردەوام بێت لە پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئەکادیمی بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە، بەپێی پرەنسیپ و ستانداردە جیهانییەکان.