Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە راوێژکاری سەربازی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی سێشەممە ٢٩ ئابی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر، راوێژکاری سەربازی سوپای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی دامەزراندنی فرقەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد، کە لە ئێستادا رەشنووسی میلاکی فرقەکان، لەلایەن لیژنەی دانانی میلاکاتی وەزارەتەوە ئامادە کراوە و بڕیار وایە دوای تاوتوێ کردنی لەلایەن وەزارەتەوە پەسند بکرێت.
هەر لە دیدارەکەدا میکانیزمی مەشق و راهێنانی ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی کە دەچنە ناو میلاکی فیرقەکان، بەگوێرەی میلاکی دیاری کراو تاوتوێ کرا.
لە کۆتاییدا، باسیان لە یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، هەردوولا جەختیان کردەوە لە  هەماهەنگی زیاتر، بەئامانجی یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.