سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە ڕاوێژکاری سەربازیی بەریتانیا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر راوێژکاری سەربازیی سوپای بەریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان بۆ بەریتانیا کرا.
سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بە هەوڵە گشتگیرەکانی وەزارەت کرد کە ئامانجیانە تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەوێتە ژێر بڕیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لەم رووەشەوە کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنچینەییەکان بۆ یەکگرتنەوەی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
پڕۆسەی ریفۆرمی سەربازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و دوایین ئەنجامەکانی ئەو پڕۆسەیە، پلانی مەشق و ڕاهێنانکردن بە پێشمەرگە، فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن لەناو ریزەکانی پێشمەرگە و درووستکردنی فیرقە، هەماهەنگی و هاوکارییە راوێژکاری و لۆجستییەکانی هاوپەیمانان، تەوەری دیکەی دیدارەکە بوون.