فەرماندە سەربازییەکانی هاوپەیمانان پشتیوانیی زیاتر لە چاکسازییەکانی هێزی پێشمەرگە دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ۲٨ی ئابی ٢٠٢٢، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت، پێشوازی لە جەنەڕاڵ مۆڕاند لە هێزەکانی هاوپەیمانان و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی یەکلاییکردنەوەی پۆڵایین (العملیات العزم الصلب) و کۆڵۆنێڵ رۆنان بەرپرسی (تاسک فۆڕس هیدرا) و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە گفتوگۆکەدا دۆخی ئێستای عێراق و هەرێم و ناوچەکە مەترسییەکانی تیرۆر و رۆڵبینینی هێزەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی یەکلاییکردنەوەی پۆڵایین، ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پاڵپشتی و پشتیوانیی وڵاتەکەی و راوێژکارانی سەربازیی سوپای فەڕەنسا و هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە.
هاوکات رۆڵی پێشمەرگەی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەرزنرخاند.
وەزیری پێشمەرگە جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان کردەوە و سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوام و کاریگەرەکانی وڵاتی فەرەنسای دۆستی بۆ هێزی پێشمەرگە کرد.
هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی کارەکانی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد؛ بۆ ئەمەش وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند "لە پرسی پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەدا لەلای وەزارەتی پێشمەرگه سەرجەم کارەکانی ئەو لیوا هاوبەشانە تەواوکراوە و چاوڕوانی وەزارەتی بەرگریی عیراقین".
بۆ ئەمەش داوای کرد لەگەڵ هاوپەیماناندا، فەرەنسا رۆڵی خۆی لە هاندانی لایەنی عێراقی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو لیوا هاوبەشانە لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان هەیە رۆڵ بگێڕن.