ناوەندی ئۆپەراسیۆنی زانیاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕۆیی دادەمەزرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٢، عەمید عوسمان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هارس جێگری فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و مارتن وار سەرۆکی رێکخراوی دژی داعش و كونسوڵی پێشووی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتمانی ئامادەبوون، بەڕێوەبەری گشتی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی جەنەڕاڵ هارسی كرد بۆ سەردانەكەی و پشتیوانییە بەردەوامەكانی لە بوارەکانی ڕاگەیاندن و هۆشیاریدا.
دواتر باس لە دامەزراندنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی زانیاری كرا و هەبوونی ناوەندێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی بەگرنگ زانرا، بەتایبەت كە ئێستا لە زۆربەی ناوەندەكانی هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی ناوەندێکی چالاک هەیە.
داواش كرا لەسەر ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو ناوەندە چالاك بكرێت، بۆئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و داعشدا، لەناوچەکەدا چالاکتر بێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، خۆشحاڵیی خۆی بەو هەوڵانە دەربڕی و بە گرنگی زانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی هەنگاوێکی وا بنرێت.
پاشان، شاندی میوان بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانیان بەسەرکردەوە؛ بەتایبەت ئەو شوێنەی كە بڕیارە بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنی زانیاری بەکاربێت.
شایانی باسە حکوومەتی بەریتانیا لەناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرپەرشتیی پەیوەندییەكانی دژی داعش دەكات. هاوکات رێكخراوی دژی داعش کە مارتن وار سەرۆكیەتی و بەرەنگاری بیری توندڕۆیی دەبێتەوە، ڕێکخراوێکی بەریتانییە و حكوومەتی بەریتانیا پشتگیری دەكات.