هاوپەیمانان لە درووستکردنی دوو فیرقەی نوێی پێشمەرگەدا هاوبەشی دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا، سەرۆکی تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە: بابەتی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لەناو هێزەکاندا، درووستکردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پەیوەندیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمە ڕاوێژکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، هاوکاری و کۆمەکە لۆجستییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیش ئامادەی بوو، تاوتوێی باشترکردنی شێوازی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لەناو هێزەکانی پێشمەرگە کرا و گفتوگۆ سەبارەت بە چۆنییەتی درووستکردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا.
سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵیی خۆی لەبارەی ئەو هەنگاوانە و باشترکردنی جۆر و شێوەی کۆمەک و هاوکارییە لۆجستییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە پیشان دا. دووپاتیکردەوە "ئەم جۆرە هاوکارییانە لە باری مەیدانیدا دەبنە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانای هێزەکانی پێشمەرگە".
لەمبارەیەوە، سەرۆکی ئەرکان پلانی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان باس کرد و ڕایگەیاند "بە هاوکاریی تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەم پڕۆسەیە بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت".
لە تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی تیرۆرستان بە گرنگ زانرا.