Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە پشتیوانیی زیاتر لە پێشمەرگەی کەمئەندامانی سەنگەر دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر  بە سەرۆکایەتیی شوان موغاغی سکرتێری کۆمەڵەکە کرد.
 
لە دیدارەکەدا شاندی میوان جگە لە پیرۆزباییان لە لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک ئەمیندای گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ خواست.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڵێنی دا بە هەموو توانایەوە پشتیوانیی داخوازیی پێشمەرگە کەمئەندامانی سەنگەر بکات و تەواوی هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانیان.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد لە بەرنامەی کاری نوێی ئەمیندارییەتیی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا، کار بۆ  دەستەبەرکردنی تەواوی مافی پێشمەرگە کەمئەندامەکان و خانەنشینانی پێشمەرگە دەکرێت، ئەوەش لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو توێژە.