Skip to the content

پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیوای ١٠ی پیاده کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشترکردنی توانا و راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیوایەکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، پاڵپشت بە پلانێکی تۆکمە و ئامادەکراو، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، پڕۆسەی پشکنینی گشتیی فێرکاری لە بارەگای لیواکان و فەوج و یەکەکان دەستپێکردووە.

بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ و ١٦ی ئابی ٢٠٢٢، پشکنینی فێرکاریان بۆ لیوای ١٠ پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دا. 

لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، بە سەرۆکایەتیی لیوا ڕوکن هۆگر سەلاحەدین بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، بە ئەندامییەتیی عەمید ڕوکن فەرهاد، جێگری بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پشکنەر لە چەند بەشێکی جیاواز، تەواوی بەشەکانی بارەگای لیوای ١٠ و فەوجەکانیان، وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە، کۆگای سووتەمەنی و چەک، کۆگای خۆراک، جبەخانە و ئامادەباشیی فەوجەکان و سریەی کۆماندۆ و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە لیوای ١٠ی پیادە پشکنی. 

شایانی باسە، ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت و سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە.