Skip to the content

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە گەرمیان بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە درێژەی هاوکاری و هەمانگییە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و لەیەکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٢، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە سنووری میحوەرەکانی ١ و ٢ و ٣ لە ناوچەی گەرمیان بەڕێوەچوو؛ کە تیایدا لیواکانی پیادەی ٣و ٥ و ١٧ی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربوون.

لە دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تەواوی ئەو ناوچانە کێوماڵ کران کە لە پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا لە نێوان هەردوولادا دانرابوون. هێزەکان تەواوی ناوچەکانیان پشکنی و کێوماڵی دەڤەرەکەیان بە تەواوەتی کرد. لە ئاکامدا ئۆپەراسیۆنەکە، لەکاتی دیاریکراودا سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات.

شایانی باسە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەماوەی ڕابردووشدا چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەو ناوچانەدا ئەنجامداوە کە کەوتوونەتە ناوچەی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا. ئێستا بەشێکی زۆری ئەم ناوچانە لە جڵەوی هێزە ئەمنییەکاندان.