ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە ڕاوێژکاری سەربازیی بەریتانیا لە هەرێم کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر ڕاوێژکاری سەربازیی بەریتانیا لە هەرێم کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرایەوە و باس لە پاڵپشتی و پشتیوانیی هێزەکانی بەریتانیا و هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا.
هەر لەو کۆبونەوەیە تیشک خرایە سەر پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات دووپاتیان لە هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و درووستبوونی هێزێکی ڕێکخراوی سەردەمیانە کردەوە.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژ بە تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جیاجیاکان کرا و جارێکی تر جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرایەوە.